پەیامی ئیدارەی گەرمیان بە بۆنەی یادی ٥٦ ساڵەی کەلار

بەروار: 28/02/2026

بەبۆنەی یادی ٥٦ ساڵەی رۆژی کەلار، بەناوی ئیدارەی گەرمیانەوە جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی خۆشەویستی شاری کەلار دەکەین.

لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لەساڵی ١٩٧٠، بەبڕیاری حکومەتی ئەوکاتی عێراق کەلار کرا بە قەزا، ئەگەرچی پێش ئەو بڕیارەش کەلار ناوچەیەکی گرنگ بووە لە رووی سیاسییەوە، بەڵام لە دوای بەقەزابوونیەوە ساڵ بە ساڵ کەلار زیاتر گەشەی کردووە و ئاوەدانی بەخۆوە بینیوە تا گەیشتوەتە ئەوەی ئێستا نزیکەی ٢٠ ساڵە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانەو لە رووی ئیدارییەوە حکومەتی هەرێم هاوشێوەی سەنتەری پارێزگاکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

دوای تێپەڕینی ٥٦ ساڵ بەسەر بەقەزابوونیدا، کەلار بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و گەشەی بەردەوامی دانیشتوان، لە رووی ئیداریی، ئابووریی، پیشەسازی، وەبەرهێنان، کشتوکاڵی، گەشتیاری و بوارەکانی تر، گەشەی گەورەی بەخۆوە بینیوە و جێگەی دەستی هەموو چین و توێژەکان بەم بوژانەوە خێرایەی شارەکەوە دیارە.

لەساڵیادی ئەم شارە خۆشەویستەدا، بەڵێن دوپات دەکەینەوە وەک هەمیشە هەوڵی تەواو بەگەڕبخەین و لەهەموو دەرگایەک بدەین بۆ خزمەتی زیاتری شارەکە و هەموو قەزا و ناحیەکانی تری سنوری ئیدارەی گەرمیان.


هیواخوازین شاری کەلار هەمیشە ئاوەدان بێت و خەڵکە خۆشەویستەکەی ئاسودە و بەختەوەر بن، جارێکی تر پیرۆزبێت یادی ٥٦ ساڵەی رۆژی کەلار.




جەلال شێخ نوری 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
٢٠٢٦/٢/٢٨