بەسەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کۆبونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕوبونەوەی لافاو ئەنجامدرا

بەروار: 26/03/2026

ئەمڕۆ (٢٦ی ئازاری ٢٠٢٦) بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست، بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ئامادەبوونی ئەندامانی، لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی لافاو لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، رایگەیاند، بەپێی پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، شەپۆلێکی بەرفراوانی بارانبارین روو لە سنورەکە دەکات و وادەخوازێت رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبونەوەی لافاو بگرینەبەر لەپێناو سەلامەتی گشتی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ئەوەی دوپاتکردەوە کە سەرجەم یەکە ئیدارییەکان ژووری عەمەلیات پێکبهێنن لە سنوری خۆیاندا بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسیەکانی لافاو و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانیشی راسپارد سەرجەم ئامێر و تیمەکانیان بەکاربهێنن بۆ هەمان مەبەست.

دواتر، لەلایەن سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەری دامودەزگاکانەوە سەرنج و پێشنیاری پێویستیان بۆ چۆنیەتی روبەڕوبونەوەی لافاو خستەڕوو و ئەوەشیان دوپاتکردەوە پێویستیان بە ئامێر و تیمی مرۆیی دەبێت، لای خۆیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دامودەزگاکانی راسپارد ئامێر و تیمەکانیان بخەنە خزمەت تیمە فریاگوزارییەکان.