لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد

بەروار: 19/05/2026

ئەمڕۆ (١٩ی ئایاری ٢٠٢٦) لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە یاوەری ستافی نوێی مەڵبەند، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە پێشوازی لێکرا.

لەو سەردانەدا، عومەر عەلی لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پشتیوانی مەڵبەندی گەرمیانی حزبەکەی بۆ ئیدارەی گەرمیان دوپاتکردەوە بە ئامانجی خزمەتکردنی باشتری سنورەکە و چارسەری هەر کێشە و گرفتێک بێتەپێش، هاوکات جەختیکردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردولا بۆ باشتر خزمەتکردن و بەجێگەیاندنی داخوازی هاوڵاتیان.

لای خۆیەوە، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، وێڕای ئەوەی خۆشحاڵی پیشاندا بە سەردانی لێپرسراوی مەڵبەند و شاندی یاوەری، باسی لە کار و پرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان لە سنورەکە کرد و تیشکی خستەسەر رۆڵ و کاریگەری پەیوەندیەکانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و لایەنە سیاسیەکان، لەوبارەوە ووتی، بەهەوڵی هەمەلایەنە و لێکتیگەیشتن و هەماهەنگی نێوان ئیدارەی گەرمیان و مەڵبەندی گەرمیان دەتوانین خزمەتی گەورەتر و باشتر بگەیەنین بە سنورەکە.