مزگەوتی بازاڕی رزگاری کرایەوە

بەروار: 24/06/2026

ئەمڕۆ (٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسانی باڵای حزب و قایمقامی قەزای رزگاری و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان و سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە بەرپرسی دامودەزگاکانی حکومەت و مامۆستایانی ئایینی و هاوڵاتیان، مزگەوتی بازاڕی رزگاری کرایەوە.


لەسەرەتای مەراسیمەکەدا، مامۆستای ووتاربێژی مەزگەوتەکە ووتاری بەخێرهاتنی پێشکەشکرد و دواتر مامۆستا صباح حمەصالح، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان ووتەیەکی پێشکەشکرد باسی لە دروستکردنی مزگەوەتەکە کرد.


دواتر بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، جێگەی خۆشحاڵیە ئەمڕۆ لە قەزای رزگاری ئەم مزگەوتە جوانە بەڕووی موسڵمانان و نوێژخوێنان دەکەینەوە، لێرەوە سوپاسی کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەین کە هاوکارە لە دروستکردنی مزگەوتەکان و سوپاسی کاک شێخ ئەحمەد حەمە کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکەین بە گوژمەیەکی باش هاوکار بووە لەدروستکردنی ئەم مزگەوتە و هەروەها سوپاسی خێرخوازان دەکەین هاوکارییان بەخشیوە، هاوکات سوپاسی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لە ئامادەکردنی شوێنی مزگەوتەکە و چارەسەری ئەو کێشانەی بۆ دروستکردنی هاتونەتە پێش هاوکار بوون.


دواتر، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان تیشکی خستەسەر رۆڵی مزگەوت لە مێژووی گەلی کورد بۆ پێگەیاندنی پیاوانی ئایینی و داڵەدەدان و دروستکردنی شۆڕشگێڕان لە شۆڕشەکاندا.


لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، مەلا ئدریس ژاڵەیی، لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان، ووتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا باسی لە رۆڵ و پێگەی مزگەوت کرد و مزگەوتی بازاڕی رزگاری بە گرنگ وەسفکرد بۆ خزمەتی نوێژخوێنانی قەزای رزگاری.