فیستیڤاڵی خورما و هەنگوین لە گەرمیان بەڕێوەدەچێت

بەروار: 22/10/2026

ئەمڕۆ (٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و جێگرانی سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری دامودەزگاکان و جوتیاران، فیستیڤاڵی خورما و هەنگوین بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی خورما و هەنگوینی گەرمیان لەشاری کەلار لە دیوان مۆڵ بەڕێوەچوو.

لە فیستیڤاڵەکەدا، بەڕێز جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە نزیکەوە بەرهەمی خورما و هەنگوینی جوتیارانی سنورەکەی بەسەرکردەوە، وێڕای ئەوەی هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن،  پشتیوانی ئیدارەی گەرمیانی بۆ دوپاتکردنەوە بە ئامانجی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی خورما و هەنگوین و رەخساندنی هەلی کار لە رێگەی کەرتی کشتوکاڵەوە.

فیستیڤاڵەکە بە دروشمی (گەرمیان بەهەنگوین و خورمای خۆماڵی شیرینتر دەکەین) بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو رۆژ بەردەوامدەبێت، تێیدا ٣٩ جوتیار بەشدارییان کردووە بە نمایشی خورما و هەنگوێنی سنورەی گەرمیان، ١٠ جۆر خورما نمایش کراوە.
لای خۆیەوە شادیە حسێن بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان رایگەیاند، بەرهەمی ساڵانەی خورمای گەرمیان دەگاتە نزیکەی ٧٥٠ تەن،  هاوکات لە گەرمیاندا ١٣ هەزار سندوقی هەنگ هەیە و بەرهەمی ساڵانەی هەنگوینی گەرمیان دەگاتە ٦٠ تەن هەنگوین.