دەزگای ئاسایشی هەرێم هەڵمەتێک بۆ بەرەنگاربونەوەی ماددەی هۆشبەر و هزری توندڕەوی لە گەرمیان رادەگەیەنێت

بەروار: 04/11/2026

ئەمڕۆ (٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و مامۆستایانی ئایینی و دادوەران و مامۆستایانی زانکۆ و رۆشنبیران و چین و توێژە جیاجیاکان، دەزگای ئاسایشی هەرێم هەڵمەتی نیشتمانی (بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و هزری توندڕەیی و بەهێزکردنی کولتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان) راگەیاند.

دەستپێکی هەڵمەتەکە بە سازدانی پانێڵێکی زانستی دەستیپێکرد و تیایدا، لەلایەن عەقید شێرکۆ، ووتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم تیشک خرایەسەر ئاماری تایبەت بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و چالاکییەکانی دەزگای ئاسایش لەو بوارەدا، ئەوەشی خستەڕوو، هەڵمەتەکەیان لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا لە ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان و خوێندنگاکانەوە دەست پێدەکات بە ئامانجی رێگری لە بڵاوبونەوەی مادەی هۆشبەر و بیری توندڕەویی.

دواتر، لەلایەن پانێڵستەکانی ترەوە کە پێکهاتووبن لە مامۆستا جاسم کەلاری بانگخواز، دادوەر رزگار محمد لە دادگای کەلار، مامۆستا چالاک محێدین مامۆستای زانکۆ، د.حسن عبداللە پزیشکی دادی و د.شنۆ قاسم مامۆستای زانکۆ، لە رەهەندە جیاجیاکانەوە باس لە مەترسیەکانی مادەی هۆشبەر و هزری توندڕەوی کرا و جەختکرایەوە لە بەگەڕخستنی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کولتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.