بەروار: 21/10/2025
کۆلێجی تەکنیکی کارگێری لە قەزای ڕزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان کرایەوە.
بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان و قایمقامی قەزای ڕزگاری بەوەکالەت و بەڕێوەبەری یەکە ئیدارییەکانی قەزای ڕزگاری و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ، کردنەوەی کۆلێجی تەکنیکی کارگێری لە قەزای ڕزگاری ڕاگەیەنرا.
سەرەتای مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆگیانی پاکی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەستی پێکرد، دواتر جەمال ساڵەح قایمقامی قەزای ڕزگاری بەوەکالەت، وتارێکی پێشکەشکرد و خۆشحاڵی خۆیانی بۆ کردنەوەی کۆلێجەکە دەربڕی، هاوکات سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری خوێندنی باڵا و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانی بەرز نرخاند بۆ کردنەوەی کۆلێجی تەکنیکی زانکۆکە لە قەزای ڕزگاری . دواتر د.چیا محەمەد سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی درووستکردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و دواتر کردنەوەی کۆلێج و پەیمانگاکان لەسنوورەکە بەپێی پێویستی خەڵک و جوگرافیای دانشتوانی گەرمیان، ڕاشیگەیاند کۆششەکانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری خوێندنی باڵا و سەرپەرشتیاری ئیدارەی زۆر گرنگ بوون بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی کردنەوە و دابینکردنی پێویستییەکانی کۆلێجەکە لەقەزاکە، ئومێد دەکەین لە دوای بەقەزابوون ئەمە دیارییەکی بەنرخ بێت بۆ قەزای ڕزگاری. دواتر لە درێژەی مەراسیمەکەدا ، پەردە لەسەر تابلۆی کۆلێجەکە لادرا بەمەش قەزای ڕزگاری لە دوای بەقەزابوون بووە خاوەن یەکەم کۆلێجی تەکنیکی ، کە پێک دێت لە بەشەکانی تەکنیکی ژمێریاری و تەکنیکی میدیا.