بەروار: 23/10/2025
خێرخوازێک نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شۆردنەوەی گورچیلە لە قەزای کفری درووست دەکات..
بەچاودێری بەرێز (جەلال شێخ نوری) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بە ئامادەبوونی بەرێوەبەری گشتی بەرێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان و لێپرسراوانی حکومی و حزبی و بەشێک لە سەرمایەداران و هاوڵاتیانی قەزاکە لەمەراسیمێکدا، درووستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شۆردنەوەی گورچیلە لە قەزای کفری ڕاگەیەنرا.
جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە مەراسیمەکەدا بە گرنگەوە باسی لە کردنەوەی نەخۆشخانەکە کرد و رایگەیاند: ئیدارەی گەرمیان سوپاسی بێ پایانی هەیە بۆ ئەو کەس و سەرمایەدارانەی خزمەتی شاری خۆیان دەکەن، وەک حکومەت پلانی باشمان هەیە و پرۆژەی باشمان لە قەزای کفری خستوەتە گەڕ، پێویستە گەشەی زیاتر بە قەزای کفری بدەین ، ڕاشیگەیاند بانگهێشتی سەرمایەداران ئەکەین پرۆژەکانیان لێرە بخەنەگەڕ، هاوکار و پشتیوانیان دەبین.
نەخۆشخانەکە بە میکانیزمێکی تەندرووستی و مۆدێرن لە لایەن خێرخواز ( برهان حسێن فەرەج) بە گوژمەی ٤٠٠ ملیۆن دینار درووست دەکرێت و بەردی بناغەی دادەنرێت، لە دوای ٢٤٠ ڕۆژ دەخرێتە خزمەتی خەڵکی قەزای کفری.