بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هۆڵی هونەر لە کەلار دوای نۆژەنکردنەوەی کرایەوە و تێدا مەراسیمی ناساندنی کتێبی (بەستەیەکی غەمگین) بەڕێوەچوو.

بەروار: 30/10/2025

بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هۆڵی هونەر لە کەلار دوای نۆژەنکردنەوەی کرایەوە و تێدا مەراسیمی ناساندنی کتێبی (بەستەیەکی غەمگین) بەڕێوەچوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوسەران و شاعیران و ئەدیبانی گەرمیان، هۆڵی هونەر لە گەرمیان دوای چاکسازی و نۆژەنکردنەوەی کرایەوە، تێیدا مەراسیمی ناساندنی کتێبی (بەستەیەکی غەمگین) کە دواین بەرهەمی چاپکراوی  شاعیر(حەمەی برا حەمە) یە بەڕێوەچوو.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا (سەربەست ئەحمەد) سەرپەرشتیاری هۆڵی هونەر تیشکی خستە سەر کەموکورییەکانی هۆڵی هونەر و چارەسەرکردن و نۆژەنکردنەوەیان، ڕاشیگەیاند سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی  گەرمیان ئەکەین کە ئەرکی نۆژەنکردنەوە و چاکسازی هۆڵی هونەری لەئەستۆ گرتووە، وتیشی ئێستا لە ڕووی تەکنیک و هونەرییەوە هۆڵەکە لە ئاستێکی زۆر باشدایە.

بەرێز (جەلال شێخ نوری) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەمەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەگرنگی ڕۆڵی هونەرمەندان نوسەران و شاعیران کرد، تیشکی خستە سەر پرۆژەکانی حکومەت لە نۆژەنکردنەوە و درووستکردنی هۆڵ، هاوکات ڕاشیگەیاند پێمان وایە گەرمیان هۆڵی گەورەتر و باشتری دەوێت، هۆڵی هونەر خزمەتێکی گەورەی کردووە، ئێمە هەمیشە پشتیوان و هاوکاری ئەدیبان نوسەران و هونەرمەندان دەبین چ لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیانەوە چ لەرێگەی چالاکییە جۆراوجۆرەکانەوە بێت.

هەر لە مەراسیمەکەدا ، مامۆستا عەلی پەرلەمان کە ئەرکی پێداجوونەوەی بەرهەمی شیعری شاعیری لەئەستۆ بوو، وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی شاعیر و  بەرهەمەکانی کرد.

دواتر و دوای پێشکەشکردنی بەرهەمە شیعرییەکان و کۆمەڵێک برگەی هونەری، نوسەری کتێبی (بەستەیەکی غەمگین) بەرهەمە چاپکراوەکەی خۆی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.