سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازی کرد لە سەرۆک و ستافی''دامەزراوەی ڤیژن''

بەروار: 04/11/2025

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازی کرد لە سەرۆک و ستافی''دامەزراوەی ڤیژن''

ئەمڕۆ سەرۆک و ستافی دامەزراوەی ڤیژن سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە هونەری  پێشوازیان لێکرا.

لە دیداری نێوانیاندا کە جێگری سەرپەرشتیار بۆ کاروباری هونەری و بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان و بەرێوەبەری ئاودێری گەرمیان و بەڕێوەبەری ژینگەی گەرمیان و بەڕێوەبەری  کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر گرنگی پەیوەندی فەرمانگەکانی حکومەت و ڕێکخراوەکان لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک.

(عەدنان عوسمان) سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن ، سوپاسی پێشوازی گەرمی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی کرد و ڕۆڵی سەرپەرشتیار و کاروبارەکانی حکومەتی  لە ئێستادا لە گەرمیان بەگرنگ  وەسف کرد، ڕایگەیاند ''دەمانەوێت لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت پەیوەندییەکی باش و بتەومان هەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لە پێداویستییە گرنگەکانی ناوچە جیاوازەکان بە تایبەت لە بواری ژینگە و کشتوکاڵ و پارێزگاری سەرچاوەئاوییەکان لە ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکرنەوەی کۆچکردن''.

بەڕێز(جەلال شێخ نوری) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێرای بەخێرهاتن، مەودای کارکردن و ڕۆڵی چالاکییەکانی دامەزراوە ناحکومییەکانی بۆ خزمەتی خەڵک بە گرنگ زانی ، ڕاشیگەیاند '' ئیدارەی گەرمیان لە ڕابردوو ئێستاشدا پێشوازی لە هەر پرۆژە و چالاکییەک دەکات کە لە قازانجی خەڵک و چاکەی گشتیدا بێت'' بۆ ئەو مەبەستە پشتیوانی ئیدارەی گەرمیانی بۆ چالاکی و لێكۆڵینەوەکانی  ''دامەزراوەی ڤیژن'' لە خزمەتی گەرمیان  دووپات کردەوە.

دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ساڵی  ٢٠٢٤ لە لایەن کۆمەڵێک رۆژنامەوان و رۆشنبیرەوە وەک خانەیەکی هزری  بونیادنەر بۆ دروستکردنی تێگەشتنی هاوبەش لە رێگەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دروستکردنی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لەهەرێمی کوردستان دامەزراوە

وێنەکان