لەگەڵ کردنەوەی ناوەندەکانی دەنگدان سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەشێک لە بنکە و وێستگەکانی بەسەر کردەوە.

بەروار: 11/11/2025

لەگەڵ کردنەوەی ناوەندەکانی دەنگدان سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەشێک لە بنکە و وێستگەکانی بەسەر کردەوە.

بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی ناوەندەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ خزمەتگوزاری ناوەندەکان سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی لە گەرمیان بەسەر کردەوە.

لەمیانی بەسەر کردنەوەکەیدا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (جەلال  شێخ نوری) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: لە سەعات (٧)ی بەیانییەوە دەرگای ناوەندەکان بەڕووی دەنگدەراندا کراوەتەوە ، پرۆسەکە لەگەرمیان بە ئارامی و بەباشی بەڕیوە دەچێت، ئامادەکاری باشمان کردووە لە خزمەتگوزاریەکانی ئەمنی و تەندرووستی و کارەبای ناوەندەکانی دەنگدان.

لەبەشێکی وتەکەیدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند:" داوا لە هاوڵاتیانمان ئەکەین بەشداری کارای پرۆسەی دەنگدان بن بۆ ئەوەی نوێنەری زۆرمان لەبەغدا هەبێت و لە بڕیارەکانی بەغداش لە قازانجی گەلی کورد بن.

لە (هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)بۆ ساڵی (٢٠٢٥) لەگەرمیان (٤٩) بنکەی دەنگدان و (٢٠٤) وێستگە هەن (١٠٢٧٢٧)کەس مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی گشتی هەیە، (١٠٨٤٧) کەسیش مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی  تایبەت هەبوو، بەمەش کۆی گشتی دەنگدەران لەگەرمیان (١١٣٥٧٤) کەس.