بەروار: 07/12/2025
ئەمڕۆ (٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥) تیمێکی شوێنەوارناسی زانکۆی گلاسکۆی بەڕیتانی بە ئامانجی دروستکردنی پرۆژەیەکی تایبەت بە شوێنەوار و گەشتیاری سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد و لە دیداریان لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسیان لە پرۆژەکەیان کرد. لە دیدارەکەدا، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، باسی لەوە کرد ماوەی ١٠ ساڵە شوێنەواری گەرمیان لەگەڵ ئەم تیمەدا کار دەکات لە بواری روپێوی شوێنەواری و کنە و پشکنین، لە ئێستاشدا بیرۆکەیان هەیە پرۆژەیەکی شوێنەواری-گەشتیاری لەتەنیشت قەڵای شێروانە دروست بکەن، پرۆژەکەش لەسەر ئەرکی زانکۆی گلاسکۆ و بەچاودێری بەڕێوبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپور و بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی سلێمانی و دامەزراوەی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتژی و توێژینەوەی زانستی دروست دەکرێت. دواتر پرۆفیسۆر کلاودیان سەرۆکی تیمەکە، تیشکی خستەسەر کاروپلانیان لەبواری شوێنەوار لە گەرمیان و باسی لە ووردەکاری پرژەکەیان کرد و داواشیکرد ئیدارەی گەرمیان هاوکار بێت. لەبەرامبەردا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، پاش ئەوەی چۆنیەتی پرۆژەکەیان بۆ رونکردەوە، پرۆژەکەی بە گرنگ وەسفکرد بۆ برەودان بە بواری شوێنەواری لە گەرمیان و ئامادەیی ئیدارەی گەرمیان و دامودەزگاکانی پیشاندا بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بەمەستی دروستکردنی ئەو پرۆژەیە و خزمەتکردن بە سنورەکە لەبواری شوێنەوار و گەشتیاریدا.