بەروار: 09/12/2025
بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هەوڵی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو دەدرێت.
ئەمڕۆ پێش دەستپێکردنی باران و بە لە بەرچاوگرتنی پێشبینییەکانی کەشوهەوا ، ئیدارەی گەرمیان ئامادەکاری تەواوی بۆ ڕوبەڕووبونەوەی زیانەکانی لافاو لەگەرمیان کرد.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی قەزای ڕزگاری کرد و لەگەڵ تیمەکانی قایمقامیەتی قەزای ڕزگاری و تیمی وەڵامدانەوەی خێرای ئیدارەی گەرمیان و بەرێوەبەری دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی گەرمیان، لە نزیکەوە چاودێری ڕێڕەوەکانی ئاو و زیانەکانی لافاوی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا تیمەکان چەندین گەرەک و هاوڵاتیان لە زیانەکانی لافاو دوورخستەوە.
دواتر و هەر ئێوارەی ئەمڕۆ لە قایمقامیەتی قەزای کەلار، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی ئیدارەی گەرمیان کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا ڕێوشوێنەکانی پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان لە زیانەکانی لافاو تاوتوێ کران، هاوکات پلان بۆ ڕوبەڕووبونەوەی زیانەکان دانرا.
دواتر و لە درێژەی سەردانە مەیدانییەکەیدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و سەردانی قەزای کفری کرد، بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی هاولاتیان و زیانەکانی لافاو لەگەڵ قایمقام و تیمە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکە، کۆبوەوە، زیانەکانی لافاو دۆخی هاوڵاتیان و پلانەکانی کەمکردنەوەی زیانەکان لەقەزاکە باسی لێوەکرا.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە ئان و ساتی بەسەرکردنەوەکانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: داوا لە هاوڵاتیانی گەرمیان ئەکەین پابەندی ڕێنماییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بن، هاوکات رێگاکانی دەرەوەی شار بەکار مەهێنن و دووربکەونەوە لە چەم و دۆڵ و ڕێڕەوەکانی ئاو، لەپێناو سەلامەتیتان، هاوکات ڕاشیگەیاند ئیدارەی گەرمیان سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی تیمەکان دەکات لەقەزای کەلار و کفری و ڕزگاری، چاودێری وردی دۆخی هاولاتیان دەکات.