بەروار: 10/12/2025
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازی کرد لە بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC
ئەمشەو سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان و جێگری سەرپەرشتیار و بەرێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان پێشوازی کرد کرد لە بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC و ستافی یاوەری، کە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی گەرمیان پاش بارانبارین و هاتنی لافاو.
لە سەرەتای سەردانەکەیدا سروە ڕەسول بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەستخۆشی و سوپاسی وەزیری ناوخۆی گەیاندە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری یەکە کارگێرییەکانی ئیدارەی گەرمیان لە پای هەوڵی بێ وچانیان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو لە گەرمیان لە ماوەی دووڕۆژی ڕابردوودا، ڕاشیگەیاند ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ زیانلێکەوتووان لەڕێگەی ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان.
بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێرای بەخێرهاتن ،تیشکی خستە سەرئەو زیانانەی کە بەر هاوڵاتیان کەوتووە لە گەرمیان بەهۆی لافاوەوە، لیژنەیان بۆ خەملاندنی زیانەکان درووستکردووە، بۆ ئەوەی زیانلێکەوتووان قەرەبوو بکرێنەوە، هاوکات سوپاسی سەرجەم بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی کرد کە ڕۆڵی گرنگ و جوامێرانەیان بینیوە لە ڕووبەڕووبونەوەی لافاو زیانەکان، ڕۆڵی تیمی وەڵامدانەوەی خێرا و ناوەندی هەماهەنگی هاوبەشی قەیرانەکانی لەم رووداوە سروشتییەی بەگرنگ وەسفکرد.
دواتر هەر لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان لەکۆبوونەوەیەکدا، پێویستییە سەرەکییەکانی فریاگوزاری لە فەرمانگەکان لەقەزای کەلار و کفری و ڕزگاری باسی لێوەکرا و کردنەوەی کۆگایەک لەگەرمیان و تێیدا پێداویستیەکانی هاوڵاتیان بۆ کاتی ڕووداوە سرووشتییەکان بەگرنگ زانرا ، هاوکات بریاردرا خولی ڕاهێنانی فریاگوزاری سەرەتایی زیاتر بۆ کارمەندان و تیمەکانی حکومەت بکرێنەوە بۆ ڕووبەرووبونەوەی قەیرانەکان ئان و ساتی خۆیدا.