بەروار: 25/12/2025
ئەمڕۆ پێنجشەممە ( ۲٥ ی کانونی یەکەمی ۲۰۲٥) لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ساهر عەلی جاسم، قایمقامی قەزای کفری و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر و لێپرسراوانی حیزبی و حکومیی و پارت و ڕێکخراوەکان و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان و سەردانیکاران و میوانانی دەرەوەی شار، مەراسیمی دەستپێکردنی سێیەمین فیستیڤاڵی بازاڕ لە کفری دەستیپێکرد. لە مەراسیمەکەدا، قایمقامی قەزای کفری، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا وتی، ئامانجی ئیدارەی شار لە ڕێکخستنی ساڵانەی ئەم فیستیڤاڵە و گرنگیدان پێی، جگە لەوەی بووژانەوەی کەرتی ئابوری و بازاڕسازییە لە کفری و ڕەخساندنی دەرفەتی کارە بۆ خاوەنکاران و خانمان و گەنجانی کاسبکاری شار؛ ئامانجێکی تر ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران و خەڵکانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان و عێراقە بۆ ئەوەی بێنە کفری و سەردانی شوێنه گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی شارەکەمان بکەن و کفری وەک شارێکی گەشتیاری مێژوویی زیاتر بناسێنین. دواتر وتاری ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی خوێندرایەوە، کە سپۆنسەری فیستیڤاڵەکە بوون، پاشان چەند چالاکییەکی ڕۆشنبیری و شیعریی و هونەری پێشکەش کران و لە لایەن گروپی میوزیکی (وەفایی)، کە لەشاری (دەربەندیخان)ەوە هاتبوون، چەند پارچەیەکی میوزیک و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی پێشکەش کران. له کۆتاییشدا، قایمقامی قەزای کفری فیستیڤاڵەکەی کردەوە و شوێن و کەپرە جیاوازەکانی بەسەرکردەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. سێیەمین فیستیڤاڵی بازاڕ لە کفری، بە چاودێری و سەرپەرشتی قایمقامی قەزای کفری و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری کفری و بە سپۆنسەری ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی بەڕێوە دەچێت و ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت. ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای کفری