سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان شوێنی لافاو و رێڕەوەکانی ئاوی لە قەزای رزگاری و کەلار بەسەرکردەوە

بەروار: 11/01/2026

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ (١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری جێگری سەرپەرشتیار بۆ کاروباری هونەری و هەریەکە لە قایمقامی قەزای کەلار و قەزای رزگاری و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان و بەڕێوەبەری پلاندانانی ئیدارەی گەرمیان و سەرۆکی شارەوانی رزگاری، ئەو چەمانەی بەسەرکردەوە کە ئاوی باراناو لەڕێگەیانەوە دێتە ناو قەزای رزگاری و کەلار و لە هەندێ شوێن لافاو دروست دەکەن.


ئامانج لە سەردانەکە، بەسەرکردنەوەی پرۆژەی رێکخستنەوەی رێڕەوەکانی لافاو و لە نزیکەوە بەئاگابوونە لە کێشە و گرفتەکان و چارەسەرکردنیان بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە روودانی لافاو لە سنورەکە.

هەر لە سەردانەکدا، سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەری دامودزگا پەیوەندیدارەکان تیشکیان خستەسەر کێشەو گرفتەکان و پێشنیاری چارەسەری پێویست باسی لێوەکرا.

لای خۆیشیەوە بەڕێز جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، جەختیکردەوە لە بەگەڕخستنی هەوڵەکان بۆ رێکخستنەوەی باشتری رێڕەوەکانی ئاو و چارەسەرکردنی هەر کێشە و گرفتێک ببێتە هۆی رودانی لافاو، بڕیاریشیدا، بە پاککردننەوە و زیاتر گەورەکردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو لە ڕێگەی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان و شارەوانی رزگاری، وەک چۆن لە رۆژانی رابردوودا لە چەمەکانی تری سنورەکە کار کراوە بۆ رێکخستنەوەی رێڕەوەکان.