ژمارەیەک پرۆژەى گرنگى تەندروستى لە گەرمیان کرانەوە

بەروار: 13/01/2026



ئەمڕۆ (١٣ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٦) بە ئامادەبوونى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان و جێگری سەرپەرشتیار بۆ کاروباری هونەری و بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان و بەرپرسى دامودەزگا تەندروستییەکانى سنورەکە، ژمارەیەک پرۆژەى کەرتى تەندروستى لە شارى کەلار کرانەوە.
لە میانەى کردنەوە و بەسەرکردنەوەى پرۆژەکاندا، بەڕێز جەلال شێخ نورى، سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان، رایگەیاند، خۆشحاڵین ئەمڕۆ ژمارەیەک پرۆژەى بوارى تەندروستى و ئامێرى گرنگى پزیشکى لە گەرمیان دەخرێتە خزمەت هاوڵاتیان کە وادەکەن بەشێکى زۆر لە کێشەکان چارەسەر ببن و خزمەتى گەورەى تەندروستى لە سنورەکە پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت.
ووتیشى، ئێمە لە ئیدارەى گەرمیان سوپاس و دەستخۆشیمان هەیە بۆ بەڕێز قوباد تاڵەبانى کە رۆڵى سەرەکى بینیوە لە دابینکردنى ئەم خزمەتگوزارییانە، هاوکات سوپاسى وەزارەتى تەندروستى و بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان دەکەین بۆ ئەم هەنگاوە گرنگانە و لەگەڵ ئەوەشدا، سوپاسى ئیدارەى گشتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەکەین کە بۆ پرۆژەکانى کەرتى تەندروستى و پرۆژەکانى تریش هاوکارمان بوون، بێگومان هاوکار و پشتیوانیش دەبین بۆ کەرتى تەندروستى تا خزمەتى باشتر پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت.
پرۆژەکان کە ئەمڕۆ کرانەوە خۆى دەبینێتەوە لە کردنەوەى مەڵبەندى تەندروستى ئاشتى لە ناو پرۆژەى نیشتەجێبوونى بەهەشتى کەلار (مامۆستایان) و کردنەوەى تاقیگەى ناوەندى گەرمیان بۆ پشکنیینە تەندروستییەکان، نوێکردنەوەى ئامێرەکانى سەنتەرى تیشک و سۆنار و دابینکردنى ئامێرى پشکنینى مامۆگرافى لە سەنتەرەکە، لەگەڵ بەسەرکردنەوەى کۆگاى دەرمان و سەنتەرى گورچیلە کە ئامێرێکى تایبەت بە شکاندنى بەردى گورچیلەى بۆ دابینکراوە، هاوکات بەسەرکردنەوەی مەڵبەندی تەندرووستی شەهیدان.
لەبارەى پرۆژەکانەوە د.محمد ئازاد بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى گەرمیان رایگەیاند، ئەم پرۆژانەى ئەمڕۆ کرانەوە و بەسەرکرانەوە، خزمەتێکى گەورە بە کەرتى تەندروستى دەکەن لە سنورەکە، بەتایبەت تاقیگەى ناوەندى گەرمیان بە رێژەى لە 90% کۆى پشکنینەکانى تێدا ئەنجامدەدرێت و وادەکات لە داهاتوودا هاوڵاتیان بۆ پشکنین سەردانى هیچ شارێکى تر نەکەن. 
ووتیشى، لە ئێستادا بەشى پێویستى دەرمان و کەرەستەى پزیشکى لە سنورى تەندروستى گەرمیان هەیە و تا گرێبەستى نوێی دەرمان گرفتمان نابێت، هاوکات، ئەوەى گرنگە ئەمڕۆ ئەمێرى پشکنینى مامۆگرافى لە گەرمیان کریەوە و هاوڵاتیان دەتوانن پشکنینى پێشوەختەى مەمک بکەن ئەمەش هەنگاوێکى باشە، هاوکات ئامێرى شکاندنى بەردى گورچیلەش کە لەسەنتەرى گورچیلە دابینکراوە خزمەتێکى گەورە بە سنورەکە دەکات.