بەروار: 25/01/2026
ئەمڕۆ (٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ وەبەرهێن و سەرمایەدار و بازرگانان کۆبوەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کەمپینی گەرمیانی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ رۆژاوای کوردستان راگەیاند.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونى جێگرانى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان و بەڕیوەبەرى گشتی وەبەرهێنان و ئەوقاف وکاروبارى ئایینى و گواستنەوە و مەرزى پەروێزخان و نوێنەرى بازرگانانى گەرمیان و هەناردەو هاوردەکاران و بەڕێوەبەرى کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەى قەیرانەکان و ژمارەیەک لە سەرمایەدار و بازرگان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەلال شێخ نورى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان، رایگەیاند، حکومەتى هەرێم لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا کەمپینى کۆکردنەوەى کۆمەک و هاوکارى بۆ رۆژاواى کوردستان ئەنجام دەدات و وەک ئەرکێکى نیشتمانى، ئێمەش لەگەرمیان کەمپینێک لە ژێر ناوى کەمپینى گەرمیان رادەگەیەنین.
سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان ووتیشى، پێشکەشکردنى کۆمەک و هاوکارى ئەرکێکى نیشتمانى و نەتەوەییە هیوادارین هەموو چین و توێژکان بە گڕوتینەوە بەشدار بن تا بتوانین هاوکار و یارمەتیدەر بین بۆ خوشک و براکانمان لە رۆژاواى کوردستان کە ئێستا لەبەردەم هێرشى دڕندانەن و لە دۆخێکى خراپدان.
دواتر، ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە پێشنیار و را و سەرنجى خۆیان لەسەر کەمپینەکە خستەڕوو و بڕیاریشدرا بە پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵا لە بازرگانان و سەرمایەدان و چین و توێژەکان بۆ راییکردنى کارەکانى کەمپینەکە و لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لەلایەن سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیانەوە کەمپینەکە راگەیەندرا.