بەروار: 08/03/2026
بۆ پاراستنی گیان و سامانی خەڵک و ئاسایشی نیشتیمانی کوردستان، لە بارودۆخی هەنووکەدا، پێویستە کەناڵەکانی میدیایی ناوخۆیی و بیانی، پێگەکانی هەواڵیی دیجیتاڵمیدیا و سۆشیالمیدیا، هەواڵەکان بە جۆرێک بگوازنەوە کە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن و ئەم کارانە لە کاتی ڕووماڵکردندا قەدەغەن: 1. بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ڕاستەوخۆ یان وێنەی ئاراستەکردنی درۆن/ موشەک و شوێنی زیانپێکەوتوو، هەروەها شوێن و کاتی کەوتنە خوارەوەیان. 2. بڵاوکردنەوەی شوێن – Locationی وردی زیان لێکەوتوو و قەبارەی زیان. 3. وێنەگرتن یان تۆماری ڤیدیۆیی شوێنە سەربازی و ئەمنییەکان و جمۆجۆڵ و کەلوپەلە سەربازییەکان و چەک و تەقەمەنی و دامەزراوەکانی حکومەت و نێردە دیبلۆماسییەکان. 4. ڕۆژنامەنووسان دەبێت وریا بن لە کاتی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی گرتە ڤیدیۆ و وێنەکان کە لەلایەن خەڵکەوە دەنێردرێن؛ نابێت وێنە هەستیارەکان یان ژێرخانی ئەمنی تێیدا دەربکەون. 5 دامەزراوەکانی میدیا، هان دەدرێن کە هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بکەن لەکاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی بێ مەبەست زانیاریی هەستیار ئاشکرا نەکرێت. هەر سەرپێچییەک لەمبارەیەوە، ڕووبەوووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە. فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان 07ی ئاداری 2026