بەروار: 07/04/2026
ئەمڕۆ، سێشەممە (٧ی نیسانی ٢٠٢٦)، بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، نوێنەری جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەرمیان، راوێژکاری کاروباری وەبەرهێنانی جێگری سەرۆکی حکومەت، بەڕێوەبەرە گشتیەکانی گەشتوگوزار و شارەوانیەکان و وەبەرهێنانی گەرمیان، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی گەرمیان، سەرۆکی شارەوانی کەلار و رزگاری کۆبوەوە. لەبارەی کۆبوونەوەکە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوەتەوە: لە گەرمیان بە هەوڵی بەرپرسانی ئیدارەکەی و خەڵکی خەمخۆرەوە هەنگاوی باش نراوە بەرەو ئاوەدانی و گەشەسەندنی ئابووری، بەڵام خەڵکی ئازیزی ئەو دەڤەرە خۆشەویستە شایستەی خزمەتی زۆر زیاترن. لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان دەستخۆشیم لێکردن بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی باش لە ماوەکانی رابردوودا و وەک هەمیشەش پشتیوانیان دەبم لە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری گەرمیانی ئازیز. جەختیشمان کردەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بە تایبەت لەم دۆخەدا هیچ کێشەیەک لە گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان دروست نەبێت.