بەروار: 08/04/2026
رۆژی سێشەممە ( ٧ی نیسانی ٢٠٢٦) قایمقامی قەزای کفری، به نوێنەرایەتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بەشداریکرد لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالی سێ و مەراسیمی کردنەوەی مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوانی داوێ لە گوندی زنانە و تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفاداری بۆ شەهیدانی ئەنفال لە مۆنۆمێنتەکە دانا. لە مەراسیمەکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە لێپرسراوانی حکومیی و حیزبیی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و هاوڵاتییانی ناوچەکە ئامادەبوون و تێیدا چەندین وتار و پەخشان و شیعر پێشکەشکران، کە تێکڕایان ئاماژەبوون بۆ گەورەیی تاوانەکە و لێکەوتەکانی لەسەر خەڵکی ناوچەکە و ئەو نەهامەتییانەی بەهۆی ئەنفالەوە گەرمیان و ناوچەی داوێی پێدا تێپەڕیوە. لە کۆتاییدا، دوای دانانی تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفاداری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ شەهیدانی ئەنفال لە لایەن قایمقامی قەزای کفرییەوه، چەندین تاجە گوڵینەی تر لە لایەن دامودەزگاکان و لایەنە سیاسیەکان و کەسایەتییەکانەوە دانرا. تاوانی ئەنفال، کە ئامانج لێی قڕکردن و جینۆساید کردنی گەلی کورد بوو، بە چەندین قۆناغی جیاجیا ئەنجامدرا، ئەنفالی سێ مەترسیدارترین قۆناغی ئەنفال بوو کە تەواوی ناوچەکانی گەرمیانی گرتەوە. لە ڕێککەوتی (٧/ ٤/ ١٩٨٨) ناوچەی داوێ بەر شاڵاوی ئەنفال کەوت، تێیدا (٤٣) گوند خاپوور کران و (٣)هەزار و (٢٨٣) کەس ڕاپێچی بیابانەکان کران و بە دەستی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو زیندەبەچاڵکران. مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوانی داوێ لە زنانە، لەسەر بودجەی تایبەتی ئیدارە و دارایی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دروستکراوه و هەوڵێکە بۆ زیندووڕاگرتنی یادی شەهیدان و ئەنفالکراوانی ناوچەکە و پاراستنی ئەرشیفی قوربانیان و بەڵگەنامەکانیان و ڕێگری کردن لە لەبیرچوونەوە و لەناوچوونیان. ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای کفری