سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازیکرد لە لاڤە حیکمەت سەرپەرشتیاری یەکێتی ژنانی کوردستان

بەروار: 22/10/2026

ئەمڕۆ (١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) سەرپەرشتاری ئیدارەی گەرمیان بەئامادەبوونی سەرۆکی هەریەکە لە زانکۆی گەرمیان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ کاروباری کارگێڕی، پێشوازیکرد لە خاتوو لاڤە حیکمەت سەرپەرشتیاری یەکێتی ژنانی کوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و وەفدێکی باڵای یەکێتی ژنانی کوردستان.

لەدیداری نێوانیاندا، تیشکخرایەسەر کاری رێکخراوەیی بەگشتی و پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان دامودەزگاکانی حکومەت و یەکێتی ژنانی کوردستان بۆ خزمەتی ژنانی سنورەکە.

لە دیدارەکەدا، خاتوو لاڤە حیکمەت سەرپەرشتیاری یەکێتی ژنانی کوردستان، رایگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی گەرمیانیان کردوە بە مەبەستی کردنەوەی بارەگای نوێی یەکێتی ژنان لە گەرمیان و بەپێی بەرنامە و پلانی نوێ دەستیان کردووە بەئەنجامدانی پرۆژە و چالاکی هەمەجۆر بۆ خزمەتی ژنان، لەو چوارچێوەشدا، هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆ چالاکی و پرۆژەی تایبەت بە خزمەت کردنی ژنانی گەرمیان.

لە بەرامبەردا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێڕای دەربڕینی خۆشحالی بۆ سەردانی خاتوو لاڤە حیکمەت سەرپەرشتیاری یەکێتی ژنان و وەفدی هاوڕێی، باسی لە رۆڵی یەکێتی ژنانی کوردستان کرد بۆ خزمەتی ژنان و هاوکات ئامادەیی ئیدارەی گەرمیانی پیشاندا بۆ هاوکاری وهەماهەنگی کارەکانیان و بەجێگەیاندنی کار و پرۆژە و چالاکییەکیان لە گەرمیاندا بۆ خزمەتی ژنان.