بەروار: 25/11/2026
بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پانێڵێک لە گەرمیان بەڕیوەچوو.
ئەمڕۆ ٢٥ی تشرینی دووەم ، بە ئامادەبوونی بەڕیز (عارف عادل) جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆکاروباری کارگێری ، لێپرسراوانی حکومی و حزبی. ڕێکخراوەکانی ژنان و بەشێک لە ژنان ، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە ناونیشانی (پێکەوە بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان ، دادپەروەری مسۆگەر بکەین و بێسزایی کۆتایی پێبهێنین) چالاکییەک بەڕێوەچوو. لە چالاکیەکەدا کە مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/گەرمیان، ئەنجامی دابوو، تێیدا چەند پانێڵێک یاسایی و ئاینی و کۆمەڵایەتی بەناونیشانی تایبەت بەو یادە بەڕێوەچوو. هاوکات، لە ڕێوڕەسمەکەدا ، نوێنەری ئیدارەی گەرمیان بۆکاروباری ژنان پانێڵیکی بەناونیشانی (بەهێزکردنی ئابووری ژنان لەگەرمیان، لە درووشمەوە بۆ هەلی کار) پێشکەش کرد. ٢٥ی نۆڤەمبەری هەمووساڵێک وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاری کراوە ، ساڵانە بە و بۆنەوەیە چەندین چالاکی جۆراوجۆر بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان و کچان بەڕێوەودەچێت.