فیستیڤاڵی شعریی پەروەردەی کفری بەڕێوەچوو
22 / 2 / 2023
بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کفرییەوە، بە دروشمی “تاڤگەی هەڵبەست” دووهەمین فیستیڤاڵی شیعری خوێندنگە و قوتابخانەکانی کفری لە هۆڵی رۆشنبیری قەزاکە بەڕێوەچوو. لەفیستیڤاڵەکەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، کفری وێڕای ئەوەی مێژوویەکە هەیە لە بەرپەرچدانەوەی زوڵمی دوژمنانی گەلەکەمان، خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندییشە لە بوای ئەدەب و هونەردا و چەندین ئەدیبی گەورە لەم شارە هەڵکەوتووە و جێگەی دەستیان دیارە. ووتیشی، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان، بە گرنگییەوە لەم جۆرە چالاکیانە دەڕوانین و جێگەی دەستخۆشییە، پشتگیر و پشتیوانی تەواویش دەبین بۆ پەرەپێدان بە بەهرەی گەنجەکانمان. لە فیستیڤاڵەکەدا، ٣٠ خوێندکار لەسەر ئاستی خوێندنگە و قوتابخانەکانی کفری بەشدارییان کرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە، خەڵاتی سێ براوەی یەکەمی فیستیڤاڵەکە کرا. هاوکات، هەر لە قەزای کفری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی مۆزەخانەی کلتوری شاری کرد و بەشە جیاجیاکانی مۆزەخانەکەی بەسەرکردەوە و دەستخۆشی لە ستافی مۆزەخانەکە کرد، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و پشتیوانی ئیدارەی گەرمیانیشی بۆ زیاتر پەرەپێدانی مۆزەخانە دوپاتکردەوە. ئەوەشی خستەڕوو، مۆزەخانەکە میژووی دێرینی کفری پیشاندەدات و رۆڵی دەبێت لە پاراستنی کلتور و ناسنامەی شارەکە.
1376 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|