سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازیکرد لە شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران
22 / 2 / 2023
شاندێکی بواری گەشتوگوزاریی پارێزگای کرماشانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و بەئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان و بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە پێشوازی لە شاندەکە کرا و لەدیدارێکدا لەسەر هەماهنگی و پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لەنێوان هەردولا گفتوگۆکرا. لە دیدارەکەدا، داریوش فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری کرماشان و سەرۆکی شاندەکە ئەوەی خستەڕوو، بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی و زیاتر گەشەپێدانی بواری گەشتوگوزاری نێوان هەردولا سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کردووە. لای خۆیەوە، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، وێڕای ئەوەی جەختی کردەوە، لە گرنگی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کرماشان، رایگەیاند، گەشتوگوزار کەرتێکی گرنگ و پڕبایەخە و سودوەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر و گەشەپێدانی ئەم کەرتە لەنێوان هەردوولا رۆڵی گرنگی دەبێت و ئێمەش لە ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەو مەبەستە هاوکار و پاڵپشتی گەشتوگوزاری گەرمیان دەبین بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی. هاوکات ئەمڕۆ بۆ تاوتێکردنی پرسی گەشتوگوزاری و شوێنەواریی و کەلتورییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردولا کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندەکە و گەشتوگوزاری گەرمیان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان ئەنجامدرا.
1340 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|