پارێزگاری کرماشان سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد
13 / 3 / 2024
ئەمڕۆ (١٠ی ئازار) پارێزگاری کرماشان بە یاوەری شاندێک، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە پێشوازی لێکرا و کۆبونەوەی نێوان هەردولا سەبارەت بە چەند پرسێکی گرنگ و هەنوکەیی ئەنجامدرا. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کرماشان، هاوکات باسی لە روڵ و پێگەی جوگرافی ئیدارەی گەرمیانی کرد و رایگەیاند، ئیدارەی گەرمیان ناوچەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە و پێگەیەکی گرنگی هەیە لە لایەکەوە هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە ناوچەکانی خوارووی عێراق و لەلایەکی ترەوە بە پارێزگای کرماشان، ئەمەش وای کردووە لە رووی بازرگانیەوە پێگەیەکی گرنگی هەبێت، هەروەها لە رووی سامانی سروشتی و زەوی کشتوکاڵیەوە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە. ووتیشی، ئەنجامدانی ئەم سەردانە و پەیوەندی بەردەوامی نێوان هەردولا رۆڵی گرنگ دەگێڕێت لە لێکتێگەیشتن و پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی و بوارەکانی تر لە نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کرماشان دواتر، ئامادەیی ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکانی پیشاندا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و گەشەپێدانی زیاتری کەرتی بازرگانی لەرێگەی مەرزی پەروێزخانەوە. هاوکات، د.محمد تەیب صەحرائی پارێزگاری کرماشان، جەختی لە گرنگی پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان هەردولا کردەوە و رایگەید، ئەمڕۆ بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی مەرزی پەروێزخان و لێکتێگەیشتن بۆ پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی لە رێگەی مەرزی پەروێزخان و بوارەکانی تر، سەردانی ئیدارەی گەرمیانمان کردووە و هیواش دەخوازین سەردان و کۆبونەوەی هاوبەشی نێوان هەردولا بەردەوامی هەبێت. دواتر، لەلایەن بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرەکانی گەرمیان، کە لە کۆبونەوکەدا ئامادەبوون، کێشە و گرفتەکان باسکران و شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەییان پیشاندا بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی خرانەڕوو. هەریەکە لە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی شارەوانیەکان و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان و بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان و سەرۆکی شارەوانی کەلار و جێگری بەڕێوەبەری گومرکی گەرمیان و نوێنەری ژوری بازرگانی سلێمانی و نوێنەری کۆمەڵەی هاوردە و ناردنکاران ئامادەی کۆبونەوەکە بوون.
671 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|