خێرخوازێک لە کفری نەخۆشخانەیەک دروست دەکات
4 / 4 / 2024
ئێوارەی ئەمڕۆ (٣١ی ئازار)بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای کفری و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی و کەسایەتی ناوچەکە، بەردی بناغەی نەخۆشخانەی خێرخوازی (حاجی فارس دار درێژ) لەشاری کفری دانرا. نەخۆشخانەکە تایبەتە بە ژنان و مناڵان و لەسەر ئەرکی خێرخواز عەباس حاجی فارس داردرێژ بە تێچووی یەک ملیار دینار دروستدەکرێت. لەمەراسیمەکەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتارێکی پێشکەشکرد، تیایدا، بەناوی ئیدارەی گەرمیانەوە سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی بنەماڵەی عەباسی حاجی فارس دار درێژ کرد و تیشکی خستەسەر گەورەیی پرۆژەکە و رۆڵی لە خزمەتکردنی هاوڵاتیانی کفری و دەوربەری. ووتیشی، ئێمە بە گرنگیەوە لەم پرۆژە دەڕوانین کە لەم کاتەدا ووڵاتەکەمان روبەڕوی قەیران بوەتەوە ئەنجامدەدرێت و داواش دەکەین سەرمایەدارنی تر هاوشێوەی ئەم بنەماڵە بەڕێزەی شاری کفری پرۆژەی گرنگ و پەیوەست بە ژیانی خەڵک ئەنجامبدەن لە سێکتەرە جیاجیاکاندا. دواتر ووتاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لەلایەن سامان سەرتیپ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خالد گەرمیانی پێشکەشکرا و تیایدا، باسی لە گرنگی نەخۆشخانەکە بۆ کفری کرد و ئامادەیی نەخۆشخانەکەیانی پیشاندا بۆ هاوکاریکردنی ئەو نەخۆشخانە نوێیەی دروست دەکرێت. دوابەدوای ئەوەش ووتاری بنەماڵەی حاجی فارس دار درێژ، لەلایەن مامۆستا عەلی پەرلەمان پێشکەشکرا و تیایدا باسی لە پرژەکە کرد و ئەوەی خستەڕوو، نەخۆشخانەکە بە تێچووی یەک ملیار دینار دروست دەکرێت و دەخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان. لەکۆتایی مەراسیمەکەشدا لێکتێگەیشتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان و بنەماڵەی حاجی فارس تایبەت بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە واژۆکرا.
363 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|