سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەشداریکرد لە مەراسیمی تایبەت بە (١ی ئایار) رۆژی جیهانی کرێکاران
2 / 5 / 2024
دیاری ئیدارەی گەرمیان بەخشرایە ٣٠٠ کرێکاری سنورەکە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەشداریکرد لە مەراسیمی تایبەت بە (١ی ئایار) رۆژی جیهانی کرێکاران، کە لەلایەن لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستانەوە رێکخرابوو، هەر لە مەراسیمەکەشدا، دیاری ئیداری گەرمیان کە خۆی دەبینیەوە لە ٣٠٠ پاکێجی خواردن بەخشرایە کرێکاران. لە مەرسیمەکەدا، کە قایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەرەکانی کار و راهێنانی پیشەیی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی گەرمیان و بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ئیدارەی گەرمیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کرێکاری سنورەکە ئامادەی بوون، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، پیرۆزبایی ئاڕاستەی کرێکاران کرد و رۆڵی کرێکارانی بەرز و پیرۆز نرخاند بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانی و پێشکەوتنی ووڵات. ووتیشی، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان وێڕای ئەوەی پشتیوانی کرێکاران دەکەین، پارێزەری مافەکانیان دەبین و رێگەنادەین لە لایەن هەر کەس و خاوەن کارێکەوە مافی کرێکاران پێشێل بکرێت، جێگەی خۆشحاڵیشە لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە گەرمیان کراوەتەوە و رۆڵی دەبێت لە پاراستنی مافەکانی کرێکاران. هاوکات، عەدنان محمەد مارف، لێپرسراوی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران، سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی بەردەوامی لقەکەیان و بەخشینی دیاری بە کرێکاران، داواشیکرد، ئیدارەی گەرمیان و سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوە کرێکارییەکان هاوتەریب پێکەوە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بەکار بۆ رێکخستنەوەی کاری کرێکاران. هاوکات، لە رێورەسمەکەدا، خەڵاتی رێزلێنانی سەندیکای کرێکاران بەخشرایە ژمارەیەک لە رۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندن لەپای بەدەمەوەچوونی کەیسەکانی کرێکاران و روماڵکردنی کار و چالاکیەکانی تایبەت بە کرێکاران.
|
|
|