سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازی لە کەسوکاری ئەنفالکراوان کرد دوای گەڕانەوەیان لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی نوگرەسەلمان
19 / 5 / 2024
دوای ئەوەی ئەمشەو کەسوکاری ئەنفالکراوان لە سەردانی گۆڕەبەکۆمەڵەکان گەڕانەوە لە دەروازی شاری کفری لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیار و قایمقامی قەزای کەلار و کفری و بەرێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و بەرپرسانی حزبی و ئەمنی و ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و بەچەپکە گوڵ پێشوازییان لێکرا. جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە کەسوکاری ئەنفالکراوانی ڕاگەیاند، هاتوینەتە پێشوازیتان تا پێتان بڵین هاوخەمتانین لەگەڵتان بووین، ئێوە سەربەرزن و خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگرن، لەیەزدانی مەزن داواکارین شەهیدانی ئەنفالکراوان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئێوەش سەربەرز بکات. ووتیشی، ئێستا پەیامێکیان پێ راگەیاندم کە لەلایەن خەڵکی سنوری سەماوەوە گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان کێڵاوە و تێکدراون، ئێمە لێرەوە داوا لە حکومەتی عێراق و پارێزگای سەماوە دەکەین کە بەزوترین کات ئەو کارە راگرن، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ حکومەتی عێراق بێنەسەر هێڵ. لێرەوەشەوە، پێتاندەڵێم کە بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەشێوەی زانستی هەڵبدرێتەوە و دواتر روفاتەکان بگڕێنرێتەوە بۆ نیشتمان. کەسوکاری شەهیدانی ئەنفالکراوان لە ١٦ی٥ ڕۆژی جیهانی گۆڕی بەکۆمەڵدا گەیشتنە پارێزگای سەماوە و لەوێشەوە بۆ نوگرە سەلمان، دوای دووڕۆژ مانەوە و یادکردنەوەی ئەو تاوانە گەورەیە دژ بە گەلی کورد ، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
454 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|