رێزلێنان دەبەخشرێتە مامۆستایانی ئاینی
1 / 9 / 2024
ئەمڕۆ (٢٩ی ئابی ٢٠٢٤) بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی گەرمیان و بەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، لە مەراسیمێکدا بە چاودێری ئیدارەی گەرمیان رێزلێنان بەخشرایە ژمارەیەک مامۆستای ئاینی سنورەکە. لە مەراسیمەکەدا م. ئیدریس ژاڵەیی سەرپەرشتیاری مەراسیمەکە ووتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا باسی لە رۆڵی مامۆستایانی ئاینی کرد و ئەوەی خستەڕوو، لەپێناو لەبەرچاوگرتنی ماندوبونتان و هەوڵەکانتان بۆ خزمەتی ئاینی ئیسلام ئەمڕۆ رێزلێنانتان پێدەبەخشین، ووتیشی داواکارین ئیدارەی گەرمیان کار بکات بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش دواتر، جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە بۆنەیەکی وا بەشدارین تیایدا رێزلێنان دەبەخشرێتە ژمارەیەک مامۆستایان ئاینی، لە راستیدا مامۆستایانی ئاینی خزمەتێکی گەورە دەکەن لە کۆمەڵگەدا بە گەیاندنی پەیامی ئاینی پیرۆزی ئیسلام کە ئاینی رۆشنایی و زانین و فێرکردن و یەکسانیە. ووتیشی، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان پشتیوانی و هاوکار دەبین بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش بۆ ئەوەی بتوانن بە مافی خۆیان بگەن و باشتر خزمەت بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و کۆمەڵگە بکەن. دواتر، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ووتەیەک پێشکەشکرا و باسی لە رۆڵ پێگەی مامۆستایانی ئاینی کرد و سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی کرد بۆ هاوکاری و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ مامۆستایانی ئاینی. دوابەدوای ئەوەش، لەلایەن مامۆستا محمد ئەمین بەرپرسی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، ووتەیەک پێشکەشکرا و جەختیکردەوە لە رۆڵی مامۆستایانی ئاینی و رێزگرتن لە ماندووبون و هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاینی ئیسلام. لەکۆتایی مەراسیمەکەشدا رێزلێنان بەخشرایە مامۆستایانی ئاینی.
|
|
|