کۆبونەوەی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی کۆلێرا ئەنجامدرا
3 / 9 / 2024
ئەمڕۆ (٢ی ئەیلول) دوای ئەوەی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان دوو حاڵەتی نەخۆشی کۆلێرا تۆمار کرا، بەسەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکە ئیداریەکان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و بەڕێوەبەری دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، کۆبونەوەیەک ئەنجامدرا. لە کۆبونەوەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی رونکردنەوەی پێویستی لەسەر بارودۆخەکە خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا لە گەرمیان دوو حاڵەتی کۆلێرا تۆمار کراوە و لەپێناو ئەوەی نەخۆشیەکە بڵاو نەبێتەوە پێویستە رێکاری تەندروستی بگیرێتەبەر. هاوکات جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لە کۆبونەوەکەدا خەختیکردەوە لە لەبەگەڕخستنی هەوڵەکان بۆ چاودێریکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیار لەپێناو رێگری لە بڵاو بونەوەی نەخۆشیەکە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ تەندروستی و لیژنەکان بۆ گرتنەبەری رێکارەکان. دواتر هەر لە کۆبونەوەکەدا، سەرۆکی یەکە ئیداریەکان و بەڕێوەبەری دامودەزگاکان باسیان لە ئەرک و رێکارەکان کرد ئامادەییان پیشاندا بۆ هاوکاریکردنی لیژنەکانی تایبەت بە چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنە گشتیەکان. لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا، جەخت لە گرتنەبەری چەند رێکارێکی تایبەت بە خۆپارێزی لە نەخۆشیەکەکرا، کە خۆی دەبینیەوە لە، چاودێریکردنی چڕی بازاڕ و شوێنەگشتیەکان و خواردنگە و ریستۆرانتەکان لە رێگەی لیژنە هاوبەشەکان و لیژنەکانی خۆپاراستن، لەگەڵ چاودێریکردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و دڵنیایی زیاتر لە شیاوی ئاوەکە بۆ خواردنەوە، رێگریکردن لە کشتوکاڵی سەوزە لە رێگەی ئاوی قورس و بڵاوکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاری بۆ خۆپاراستن لەلایەن هاڵاتیانەوە.
|
|
|