پرسی ئەنفال دەگەیەندرێتە کۆنگرێسی ئەمریکا
23 / 9 / 2024
ئەمڕۆ (٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبوونی قایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، پێشوازیکرد لە شنیار ئەنوەر چالاکوان و رێکخراوەکانی بواری جینۆسایدی ئەنفال. لەو کۆبونەوەدا، شنیار ئەنوەر چالاکوانی مەدەنی کە بە یاوەری شاندێک لە چالاکوان سەردانی کردبوو، رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا بە بەڵگەوە پرسی ئەنفالی گەیاندوەتە کۆنگرێسی ئەمریکا و لە یاداشتێکدا داوای کردووە پرسی ئەنفال بە جینۆساید بناسێنرێت. ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لەلایەن ژمارەیەک کۆنگرێسمانەوە دیراسەی داواکارییەکەی دەکرێت و ئەو کارەی پێی هەستاوە پێویستی بە بەڵنامەی زیاتر و هەنگاوی زیاترە. ووتیشی، لەماوەی رابردوودا ئەنجامی کارەکانی گەیاندوەتەوە قایمقامیەتی چەمچەماڵ و مۆنۆمێنتی ئەنفال و چالاکوانانی ئەنفال لەو سنورە، ئەمڕۆ بەهەمەن مەبەست هاتوەتە گەرمیان. هاوکات دواشیکرد، ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و رێکخراوەکانی بواری جینۆسایدی ئەنفال هاوکاری بن. لای خۆیەوە جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسی لە قۆناغەکانی ئەنفال کرد و تیشکی خستەسەر قۆناغی سێیەمی ئەنفال کە لە گەرمیاندا ئەنجامدراوە و تیایدا زۆرترین مرۆڤی کورد ئەنفالکران. ووتیشی، بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال لە ئەمریکا بەتایبەتی و ووڵاتی دیکە بە گشتی خزمەتی گەورە بە کەیسی ئەنفال دەکات، هاوکات پرۆژەکەی بەرز نرخاند و ئامادەیی ئیدارەی گەرمیان و دامودەزگاکانی سنورەکەی پیشاندا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان و هاوکاریکردنی تەواو بۆ ناساندنی پرسی ئەنفال لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە. دواتر هەریەکە لە سەرۆکی رێکخراوەکانی بواری جینۆسیادی ئەنفال باسیان لە هەنگاوەکانی کارکردنیان کرد و تیشکیان خستەسەر ئەو بەڵگانامانەی لە ئەنفال بەجێماون و باسیشیان لەگرنگی بە جینۆساید ناساندی ئەنفال کرد و ئامادەییشیان پیشاندا بۆ هاوکاریکردنی چالاکوان شنیار ئەنوەر بە ئامانجی سەرکەوتنی پرۆژەکەی بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە.
|
|
|