لە کفری بەردی بناغەی خوێندنگەیەکی ١٨ پۆلی دانرا
تێچووی پرۆژەکە یەک ملیار و ٥٢٤ ملیۆن دینارە
29 / 9 / 2024
دوا نیوەڕی ئەمڕۆ (٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤) بە ئامادەبوونی جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای کفری و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی، بەردی بناغەی خوێندنگەیەکی ١٨ پۆلی لە گەڕەکی هەواری نوێی قەزای کفری دانرا. خوێندنگەکە بە بودجەی ١ ملیار و ٥٢٤ ملیۆن دینار لەسەر ئەرکی سەرمایەدار (سەردار حاجی خالد رەباتی) دروست دەکرێت و دەخرێتە خزنەتی هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکەی شاری کفری. لە مەراسیمەکەدا، هەر یەکە لە قایمقامی قەزای کفری و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان ووتاریان پێشکەشکرد و تیایدا باسیان لە گرنگی خوێندنگەکە کرد و سوپاسی سەرمایەدار سەردار حاجی خالد رەباتیان کرد لەبەرامبەر دروستکردنی خوێندنگەکە بە شێوازی خۆبەخشی. دواتر جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، جێگەی خۆشحاڵیە دوای دوو هەفتە دێینەوە بۆ کفری بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژە، هەر وەک چۆن دوو هەفتە پێش ئێستا بەردی بناغەی پرۆژەی کەرتی کارەبامان دانا بە تێچووی نزیکەی ٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار ئەمڕۆ بەردی بناغەی خوێندنگەیەک دادەنێین کە لە لایەن سەرمایەدار سەردار حاجی خالدی رەباتی دروست دەکرێت لێرەوە سوپاس و پێزانینی ئاڕاستە دەکەین چونکە بە دروستکردنی ئەم خوێندنگە کەلێنێکی گەورەی پەروەردە لەم گەڕەکە پڕ دەبێتەوە. ووتیشی، لە ئێستا بە گوژمەی زیاتر لە ٢٠ ملیار دینار لە سنوری قەزای کفری پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری جێبەجێکردن دایە و لە ئایندەیەکی نزیکدا سێ پرۆژەی دیکە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. راشیگەیاند، لە ماوەی رابردوودا هەرێمی کوردستان بە قەیرانی دارایی تێپەڕیی و پرۆژەکان وەستان، لەبەر ئەوەی پرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان زۆریان لەسەر بودجەی پترۆدۆلار بوون، ئەستەم بوو دەست پێبکەنەوە، بەڵام خۆشبەختانە دوای سەردانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی لە مانگی چواری ئەمساڵ پرژەکانی گەرمیان دەستیان پێکردەوە. دواتر لەلایەن مامۆستا مەلا ئەکبەر، نوێنەری سەرمایەدار سەردار حاجی خالد، ووتەیەک پێشکەشکرا و رایگەیاند، ئەم شارە جێگەی خۆیەتی هەموو شتێکی جوانی بۆ بکرێت و لێرەوە سوپاسی پەروردە و قایمقامیەت و پەروەردە و دانیشتوانی گەڕەکەکە دەکەین کە هاوکاربوون بۆ ئەوەی پرۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە خێری دروستکردنی ئەم خوێندنگە هیچی کەمتر نیە لە دروستکردنی مزگەوت.
123 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|