مەراسیمی یادی چوار ساڵەی کۆچی دوایی سەڵاح کوێخا بەڕێوەچوو
1 / 10 / 2024
ئەمڕۆ (٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٤) بە ئامادەبوونی نوێنەری بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی و ژمارەیەکی بەرچاو لە کادیر و چین و توێژە جیاجیاکان، بە دروشمی “سەڵاحی کوێخا لە شۆڕشەوە بۆ شارستانیەت” لە لایەن ئیدارەی گەرمیان و مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بنەماڵەی کۆچکردوو، مەراسیمی یادی چوارساڵەی کۆچی دوایی سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدرا. لە مەراسیمەکەدا، تاجەگوڵینەی ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی باڵا و لایەنەکان دانرا و دۆکیۆمێنتارییەک دەربارەی ژیان و خەباتی شۆڕشگێڕی و ئیداری کۆچکردوو سەڵاح کوێخا نمایشکرا. دواتر لەلایەن جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە ووتارێک پێشکەشکرا و تیایدا تیشکی خستەسەر مێژووی خەبات و تێکۆشانی کۆچکردوو سەڵاحی کوێخا و باسی لە رۆڵ و پێگەی کۆچکردوو کرد بۆ خزمەتی گەرمیان و پەرەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان لە سنورەکە. دوابەدوای ئەوەش، لەلایەن سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ووتارێک پێشکەشکرا و تیایدا باسی لە ژیانی پێشمەرگایەتی سەڵاح کوێخا کرد و ئاماژەیدا بە وێستگەکانی ژیان و خەباتی. دوابەدوای ئەوەش، ووتاری بنەماڵەی کۆچکردوو سەڵاح کوێخا لەلایەن صەباح کوێخا پێشکەشکرا و چەند چالاکیەکی هونەری و ئەدەبی پێشکەشکران. لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ کۆچکردوو سەڵاح کوێخا کرایەوە و کتێبێکی تایبەت بە ژیان و خەباتی (سەڵاح کوێخا)بەخشرایە ئامادەبوان، کتێبەکە بەناونیشانی (سەڵاح کوێخا، سیومبولی خەبات، ترۆپکی پاکی و خزمەت) کە لەلایەن خانەوادەکەیەوە لە چاپدراوە.
110 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|