سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لیژنەی تایبەت بە وەرگرتنی سامپڵی (DNA) لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بەسەردەکاتەوە
24 / 11 / 2024
ئەمڕۆ (٢٣ی تشرینی دووەم) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری سروە محمد رەشید، پەرلەمانتاری عێراق و بە ئامادەبوونی نوێنەری خانمی یەکەمی عێراق و بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لیژنەی تایبەت بە وەرگرتنی سامپڵ لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی (DNA) لە ناحیەی رزگاری بەسەرکردەوە. لیژنەکە سەربە پزیشکی دادوەری و دامەزراوەی شەهیدانی حکومەتی عێراقن، بە هەوڵەکانی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، بۆ جاری دووەمە دێنە گەرمیان و لەسبەینێ (٢٠٢٤/١١/٢٤)وە دەستبەکار دەبن و ماوەی چەند رۆژێک کاردەکەن و سامپڵی خوێن و بەڵگەنامە لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان وەردەگرن بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی (DNA) بۆیان. لەو بەسەرکردنەوەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لە نزیکەوە چاوی کەوت بە سەرۆکی تیمەکان و ئەندامانی لیژنەکە بە مەبەستی بەئاگابوون لە کارەکان و دابینکردنی پێداویستیەکان و چارەسەری هەر کێشە و گرفتێک بێتە پێش پرۆسەکە. هاوکات، دەستخۆشی لە تیمەکان کرد و ئامادەیی ئیدارەی گەرمیان پیشاندا بۆ هاوکاری و پشتیوانیکردنی کارەکانیان. لای خۆشیانەوە، پەری نوری، نوێنەری خانمی یەکەمی عێراق و تیمەکان باسیان لە ووردەکاری کارەکانیان کرد و ئەوەیان خستەڕوو، ئەوان بەئامانجی ئەنجامدانی پشکنینی (DNA) سامپڵ وەردەگرن و هەوڵ دەدەن هەرچی زووە بە گرتنی رێکارەکان کارەکان رایی بکەن هاوکات سوپاسی ئیدارەی گەرمیان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ بوون لەگەڵیاندا.
|
|
|