تۆڕی پاراستنی مافەکانی مناڵ لە ئیدارەی گەرمیان کۆبووە
26 / 11 / 2023
ئەمڕۆ (٥ی تشرینی یەکەم) بە سەرپەرشتی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، تۆڕی پاراستنی مافەکانی مناڵ، لەدیوانی ئیدارەی گەرمیان پەیوەست بە پاراستنی مافی مناڵان کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، رامیار عەبدولڕەحمان جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، دامەزراندنی تۆڕی پاراستنی مناڵانی بە پێوییست زانی بۆ پاراستنی مافەکانی مناڵان و پاڵپشتی و هاوکاری ئیدارەی گەرمیانی بۆ تۆڕەکە دوپاتکردەوە لە پێناو سەرکەوتن و باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانیان. هاوکات، تیشکی خستەسەر دۆخی گەرمیان لەڕووی پاراستنی مافەکانی مناڵان و کارکردنی ئەو چینە، ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ بنبڕکردنی دەروەزەکردنی مناڵان لەسەر شەقام و شوینەگشتییەکان و کارکردنی بەزۆری مناڵان بدۆزرێتەوە و کاری لەسەر بکرێت. هەر لەکۆبونەوەکەدا، ژیلوان عادل بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان کە هاوکات، سەرۆکی تۆڕی پاراستنی مناڵانی گەرمیانە ، ئاماژەی بۆ گرنگی ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی خوێندن و تەندرووستی و ئەوقاف کرد له هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیاندا بۆ پاراستنی مافی مناڵان، داواشیکرد، ئیدارەی گەرمیان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان هاوکار بێت بۆ ئەوەی هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ نەهێشتنی دیاردەی دەروەزەکردن بەمناڵان و کارکردنی بەزۆری مناڵان لەشەقام و شوێنەگشتییەکان. دواتر، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، باسیان لە ووردەکاری راپۆرت و کارەکانیان کرد و سەرنج و تێبینی خۆیان لەبارەی هەنگاوە کردەییەکانی پاراستنی مافی مناڵان و چاودێریکردنی دایانگەکان خستەڕوو، بۆ ئەو مەبەستەش چەند راسپاردەیەکیان گەڵاڵەکرد، جەختیان لەوەشکردەوە، هەوڵەکان زیاتر چڕبکرێتەوە بۆ پاراستنی مافەکانی مناڵان لە سنورەکەدا. تۆڕی پاراستنی مافەکانی منداڵ لەگەرمیان، نوێنەری ئیدارەی گەرمیان و داواکاری گشتی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکانی بواری مناڵانی تێدایە، ئەمڕۆ چوارەمین کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا.
215 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|