سیستمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لەگەرمیان کەوتەکار
11 / 2 / 2024
ئەمڕۆ (٧ی شوبات) لەمەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی و ژمارەیەک لە دادوەران و بەرپرسانی ئەمنی و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان، لە مەراسیمێکدا، سیستمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە نوسینگەی پاسپۆرتی گەرمیان کەوتەکار. لە مەراسیمەکەدا، مقدم ریاز بەڕێوەبەری نوسینگەی پاسپۆرتی گەرمیان ووتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا، باسی لە کردنەوە و قۆناغەکانی نوسینگەی پاسپۆرتی گەرمیان و ئیشوکارەکانیان کرد. دواتر جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا، باسی لە گرنگی رۆڵی نوسینگەی پاسپۆرتی گەرمیانی کرد لە خزمەتکردنی هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و ناوچە کوردستانیەکانی هاوسنوری گەرمیان. هەر لە ووتارەکەیدا، جەلال شێخ نوری رایگەیاند، سوپاسی بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی دەکەین کە هەمیشە هاوکار بوون بۆ نوسینگەی پاسپۆرتی گەرمیان، دیارە یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی سەرکەوتنی پاسپۆرتی گەرمیان بوونی بینایەکی تایبەت بە خۆیەتی بۆ ئەوەش پێزانینمان بۆ بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت هەیە کە سەرەڕای قەیرانی دارایی توانرا بیناکە تەواو بکرێت و هەروەک بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵ و هیمەتی خوالێخۆشبوو کاک سەڵاح کوێخا لەبیرناکرێت. دواتر، عەمید سالار بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ووتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا باسی لە گرنگی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کرد لە روی رێکارەکانی دەرهێنانی بەیەک رۆژ تەواو دەبێت هەروەها لە رووی گەشتکردنیشەوە کارئاسانی تەواو بۆ گەشتیاران دەکات.
|
|
|