تیمێکی ئاسیا سێڵ سەردانی ئیدارەی گەرمیان دەکات
19 / 2 / 2024
ئەمڕۆ (١٨ی شوبات) نوێنەرانی کۆمپانیای ئاسیا سێڵ بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی تۆڕی پەیوەندیەکانی ئاسیا سێڵ، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لە دیداریان لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسیان لە کێشە و گرفتەکان کرد. لەو دیدارەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، ماوەیەکە بەشێک لە بەشداربوانی ئاسیا سێڵ لە شاری کەلار و شوێنەکانی تر دەڵێن کێشەی پەیوەندییان هەیە و شەبەکەی ئاسیا لە ماڵەکانیان خراپە، بۆ ئەو مەبەستەش داواکارییەکان گەیاندوەتە ئیدارەی گەرمیان کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت. لەبەرامبەردا، بەڕێوەبەری پەیوەندیەکانی ئاسیا سێڵ رایگەیاند، ئێمە لە کۆمپانیای ئاسیا سێڵ لەو کێشانەی سنورەکە ئاگادار کراوینەتەوە و ئەمڕۆش بەمەبەستی چارەسەری کێشەکان سەردانمان کردووە. ئەوەشی خستەڕوو، کێشەکە لەوە دروست بووە هەندێک بەشداربوو لە ماڵەکانیانەوە جیهازی تایبەت بە بەهێزکردنی شەبەکەی ئاسیا سێڵیان بەکارهێناوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر دەوروبەری دەبێت و زیاتر کێشە بۆ شەبەکە دروست دەکات. ووتیشی، کار دەکەین لەسەر چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و هەر کێشەیەکی تر هەبێت.
|
|
|