سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازی کرد لە وەزیری تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
11 / 5 / 2025
ئەمڕۆ (١٠ی ئایار) وەزیری تەندرووستی و بریکاری وەزارەتی تەندرووستی و وەفدی یاوەری بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی پۆستی بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە بەئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیار بۆ کاروباری هونەریی پێشوازییان لێکرا. لەسەردانەکەیدا (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر کار و پلان و هەنگاوی داهاتوویان لەبواری تەندرووستی و دۆخی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان لە هەرێمی کوردستان و گەرمیان بەتایبەت،هاوکات ئاڵوگۆڕی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی گەرمیان باسی لێوەکرا. لای خۆشیەوە (جەلال شێخ نوری) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێرای بەخێرهاتنی وەزیری تەندرووستی و وەفدی یاوەری، داوا و داخوازی خەڵکی گەرمیان و دۆخی تەندرووستی و ئاستی خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانی خستەڕوو، هاوکات گۆڕانکاری ئیداری لە چوارچێوەی کاری پیشەیی و بۆ خزمەتی زیاتری خەڵکی گەرمیان بەپێویست زانی، هیوای خواست خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان لەگەرمیان ببرێنە پێشەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر و خزمەتی زیاتر. دواتر و لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ گەرمیان وەزیری تەندرووستی بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ کاروباری هونەری و لێپرسراوانی بەش و یەکەکانی کەرتی تەندرووستی لە گەرمیان ئاڵوگۆڕی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیانی ڕاگەیاند ،لەو چوارچێوەیەدا د.سیروان محەمەد جەمال لە ئەرکەکەی بەخشراو د.محەمەد ئازاد عەلی وەک بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی گەرمیان دەستبەکاربوو.
|
|
|