سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لیژنەی تایبەت بە وەرگرتنی سامپڵی (DNA) لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بەسەردەکاتەوە
10 / 3 / 2024
ئەمڕۆ (٦ی ئازار) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری و رێکخراوەکانی بواری ئەنفال، لیژنەی تایبەت بە وەرگرتنی سامپڵ لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی (DNA)ی لە ناحیەی رزگاری بەسەرکردەوە. لیژنەکە سەربە پزیشکی دادوەری و دامەزراوەی شەهیدانی حکومەتی عێراقن و بە هەوڵەکانی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، هاتونەتە گەرمیان و ماوەی چوار رۆژە کاردەکەن و سامپڵی خوێن و بەڵگەنامە لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان وەردەگرن بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی (DNA) بۆیان. لەو بەسەرکردنەوەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لە نزیکەوە چاوی کەوت بە سەرۆکی تیمەکان و ئەندامانی لیژنەکە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە مەبەستی بەئاگابوون لە کارەکان و دابینکردنی پێداویستیەکان و چارەسەری هەر کێشە و گرفتێک بێتە پێش پرۆسەکە. هاوکات، دەستخۆشی لە تیمەکان کرد و ئامادەیی ئیدارەی گەرمیان پیشاندا بۆ هاوکاری و پشتیوانیکردنی کارەکانیان. لای خۆشیانەوە، تیمەکان باسیان لە ووردەکاری کارەکانیان کرد و ئەوەیان خستەڕوو، ئەوان بەئامانجی ئەنجامدانی پشکنینی (DNA) سامپڵ وەردەگرن و هەوڵ دەدەن هەرچی زووە بە گرتنی رێکارەکان کارەکان رایی بکەن هاوکات سوپاسی ئیدارەی گەرمیان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ بوون لەگەڵیاندا.
191 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|