سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازیکرد لە ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای خانمان و شاندی یاوەری
10 / 3 / 2024
ئەمڕۆ (٦ی ئازار) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازیکرد لە ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای خانمان و راوێژکاری بەشی کاروباری ژنانی جێگری سەرۆکوەزیران و سروە محمد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دیداری نێوانیان باس لە بارودۆخی ژنان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان کرا. لەو دیدارەدا، د. خانزاد، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای خانمانی حکومەتی هەرێم، باسی لەکاروبارەکانی ئەنجومەنی باڵای خانمان کرد و تیشکی خستەسەر کارو بەرنامەی حکومەتی هەرێم بۆ خزمەتکردن بە ژنان و بدەمەوچوونی کێشەکانیان. هاوکات، سوپاسی ئیدارەی گەرمیانی کرد کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بووە بۆ کاروچالاکیەکانی ئەنجومەنەکەیان لە سنوری گەرمیان. دواتر، ئاشتی عەبدوڵا، راوێژکاری بەشی کاروباری ژنانی جێگری سەرۆک وەزیران، تیشکی خستەسەر ژیان و بارودۆخی ژنان و جەختیکردەوە لە فەراهمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ژنان تا بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و خاوەنی پرۆژەی تایبەت بەخۆیان بن. هاوکات، هەر لە دیدارەکەدا، سروە محمد ئەمدامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لە رەوشی ژنان لە سنورەکەدا کرد و ئەوەشی خستەڕوو، کە لە گەرمیاندا ژنانی چالاک هەن و جێگەی دەستیان لە هەموو بوارەکاندا دیارە. لەبەرامبەردا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێڕای ئەوەی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد، ئەوەی خستەڕوو ئیدارەی گەرمیان بە گرنگیەوە لە توانا و لێهاتووی ژنان دەڕوانێت و هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتی ئەو ژنانەیە لەسنورەکەدا کە لە بوارە جیاجیاکان کاردەکەن و جێگەی دەستیان دیارە، ووتیشی، ئیدارەی گەرمیان کار لەسەر سیاسەتی حکومەتی هەرێم دەکات بۆ پشتیوانی ژنان و رەخساندنی دەرفەتی لەبار تا بتوانن کار و پرۆژەی تایبەت بەخۆیان هەبێت و رۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن.
442 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|